لە هێرشێکدا بۆ سەر بازگەیەکی پۆلیس لە کەرکوک ئەفسەرێک و دوو پۆلیس برینداربوون

هەولێر – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو لە کەرکووک هێرشکرایە سەر بازگەیەکی پۆلیس لە نزیک سەنتەری شار، دواتر هێزێکی زۆری سوپا و پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە بڵاوەیان پێکرا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، بەپێی زانیارییەکانی رووداو کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە.

چەکداری نەناسراو تەقەیان لە بازگەی 55ـی کۆبانێ کردووە و لەو هێرشەدا ئەفسەرێک و دوو پۆلیس برینداربوون.

هەر لە چرکەساتی دوای رووداوەکەوە، پۆلیسی کەرکووک رایانگەیاند، سەرەداویان لەسەر بکەرانی هێرشەکە دەستکەوتووە و دەستیان بەسەر ماتۆڕسکیلێکیشدا گرتووە کە هێرشکاران بەکاریان هێناوە.

ئەو بازگەیەی هێرشی کراوەتەسەر هێزێکی فەوجی چواری پۆلیسی ئامادە دەیپارێزن، ماوەی کەمتر لە مانگێکە کراوەتەوە و  دەکەوێتە نێوان شەقامی بازنەیی و گەڕەکەکانی دۆمێز و کۆمەڵگەی کۆبانێ، بە کەمتر لە 500 مەتر لە دووریی بازگەکە ژمارەیەک خانووی زیادەڕۆ هەن.

لە ماوەی یەک هەفتەدا تەنیا لە سنووری پارێزگای کەرکووک چوار جار هێرشکراوەتە سەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و بەهۆیانەوە 11 سەرباز گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە حەوت بریندار هەن کە لە دوایین هێرشی سەر بازگەکەدا ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و دوو پۆلیس بە گولـلە بریندارکراون.