ئاسایشی رۆژئاڤا شانەیەکی داعش لە باکووری سوریا دەستگیر دەکەن

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) دەستگیرکردنی شانەیەکی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە شارۆچکەیەکی گوندەواری تەبەقە لە باکووری سوریا راگەیاند.

ماڵپەری فەرمی ئاسایشی رۆژئاڤا بڵاویکردەوە، یەکینەکانی دژە تیرۆر ئۆپەراسیۆنێکیان دژی گومانلێکراوان لە شارۆچکەی سوەیدییە لە باکووری تەبەقە ئەنجامداوە، دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەدواداچوون و چاودێریکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، شانەکەی داعش خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک کە مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکرد.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەر حەوت ئەندامەکەی شانەکەی داعش دەستگیرکران.

جەختیشی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوامن لە کارکردن بۆ بەدواداچوونی شانەکانی ئەو رێکخراوەی کە هەوڵدەدەن هێرشەکانی تورکیا بقۆزنەوە بۆ لێدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ