بافڵ تاڵەبانی ئەرکی چارەسەرکردنی منداڵێکی عەفرینی دەگرێتەئەستۆ
هەولێر- نۆرس پرێس
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەرکی چارەسەرکردن و یارمەتیدانی منداڵیکی کوردی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی و خانەوادەکەی گرتووەتە ئەستۆ، کە بەھۆی بۆردومانی تورکیا و ئابڵوقەی حکومەتی سوریاوە، نەدەتوانرا دەرمان و ئامێری ھەناسەدانی دەستکردی بۆ دابین بکرێت.
رەشمار ئێزدیار رەشۆ، منداڵێکی تەمەنی پێنج ساڵانی خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و نەخۆشی کارەبای زیادەی مێشک و رەبۆی ھەیە و پێویستی بە ھەناسەدانی دەستکردە، لە ماوەی رابردوودا بەھۆی بۆردومانی تورکیا ئاوارەی گوندی مازەرێ-ی ھەرێمی شەھبا بوو و بە هۆی ئابڵوقەی حکومەتی سوریاوە نەتوانرا دەرمان بۆ نەخۆشییەکەی و ئامێری ھەناسەدانی دەستکردی بۆ دابین بکرێت.
خێزانی رەشمار ئێزدیار، بە ناچاری لە رێگەی پاتری مۆلیدەوە ئامێری ئۆکسجینەکەیان کار پێدەکرد، چونکە بەبێ ئۆکسجینی دەستکرد ناتوانێت بژی و لە رەوشێکی خراپی تەندروستیدا بوو.
دوای سەردانەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەرکی چارەسەرکردن و یارمەتیدانی ئەو منداڵ و خانەوادەکەی گرتووەتە ئەستۆ.