هەولێر- نۆرس پرێس
بەپێی خوێندنەوەی مۆسکۆ بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلادمیر زیلینسکی بۆ واشنتۆن و ئەوەی شەوی رابردوو لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ کرا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رووسیا ئەمریکای تۆمەتبار کرد، بە هەڵگیرسانی”جەنگی بە وەکالەت”.
لە یەکەم وەڵامی مۆسکۆدا دەربارەی سەردانەکەی زێلێنسکی بۆ واشنتۆن، ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەمریکا رایگەیاند، “ئەو دانوستانانەی کە لە سەردانەکەدا سەریان هەڵدا دەریخست کە ئیدارەی ئەمریکا و زێلێنسکی ئامادە نین بۆ ئاشتی، بەڵکو زیاتر سەرنجیان لەسەر درێژەدانە بە جەنگ.”
باڵیۆزی رووسیا لە راگەێنراوێکدا دەڵێ، “ئەو تێزەی کە لە میدیاکانی ئەمەریکادا دەردەکەوێت گوایە رووسیا ئارەزووی بەدیهێنانی ئاشتی نییە، هەڵەیە”، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو پڕوپاگەندەکانی ئۆکرانیا و ئەمریکا بۆ سازان “پووچن”.
ئەنتۆنۆڤ ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە پێویستی بە “بەردەوامی شەڕی بە وەکالەتە دژ بە وڵاتەکەمان”.
شەوی رابردوو زێلێنسکی لە یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتەکەی لە سەرەتای شەڕی رووسیا دژی وڵاتەکەی گەیشتە ئەمریکا و چاوی بە بادین کەوت و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد و تیایدا پشتگیریان بۆ کیێڤ دەربڕی.
ئەم هەڵوێستەی رووسیا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەیی ئەمریکا بۆ پێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بە ئۆکرانیا، کە رەنگە بەشداربێت لە گۆڕینی رێڕەوی ئەو ململانێیەی کە لە 24ی شوباتەوە سەریهەڵداوە.