هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ نۆرس پرێس: سەرکردەیەکی داعشمان لە ئەلباب کردە ئامانج
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سەرکردەکەی داعش و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شارەکە لەژێر پاسەوانییەکی قورسدا
ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانیان سەرکردەیەکی رێکخراوی داعشیان لە شاری ئەلباب لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی گوندەواری حەڵەب کردە ئامانج.
دوێنێ سەرچاوە سەربازییە تایبەتییەکان لە شاری ئەلباب کە لەژێر دەستی هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزیاندایە، بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەبو یاسر ئەلیەمەنی سەرکردەیەکی داعشی کردۆتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سەرکردەکەی داعش و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شارەکە لەژێر پاسەوانییەکی قورسدا، هیچ زانیارییەک لەسەر رەوشی تەندروستی نەگەیشتووە.
سەرچاوەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەو سەرکردەیەی کە بە ئامانج گیراوە لە دروستکردنی بۆمبدا چالاکییە.
وتیشی: “کوژرانی ئەو سەرکردە، هێرشەکانی داعش کەمدەکاتەوە و سەلامەتی هاوڵاتیانی سڤیل باشتر دەپارێزرێت”.
ئەو سەرچاوەیە زانیاری لەبارەی برینداربوون و مردنی لە بەئامانجگرتنەکەدا نەخستووەتەڕوو.
شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە ساڵی 2017ەوە لەژێر کۆنترۆڵی کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیادایە، دوای ئەوەی تورکیا ناوچەکەی داگیرکرد.