ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت و تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دوو تەوەری دیکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کە بریتین لە، خستنەڕووی زانیاری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی و خستنەڕووی پلانی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.