كۆنگرەی دووهەمی بەغدا کۆتاییهات و پشتیوانی بۆ ئاسایش و سەروەری عێراق دوپاتكرایەوە

بەغدا – نۆرس پرێس

بەشدارانی كۆنگرەکە لە ئوردن پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق دوپاتكردەوە.

دوێنێ سێشەممە، كۆنگرەی دوەمی بەغدا بۆ هاریكاری و هاوبەشی، بەبەشداری ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكەو جیهان لە ئوردن بەڕێوەچو.

بەشدارانی كۆنگرەكە لە راگەیەندراوی كۆتاییدا جەختیان لە بەردەوامیدان بە هاریكاریی لەگەڵ عێراق كردەوە بۆ پشتیوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی وڵاتەکە و پشتیوانیكردنی پڕۆسەی دیموكراسی و دەستووری و هەروەها هەوڵەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە لە رێگەی گفتوگۆوە.

جەختیشیان لە پشتیوانیكردنی عێراق كردەوە لە روبەڕوبونەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەكاندا، لەنێویشیاندا روبەڕوبونەوەی تیرۆر.

هەروەها دوپاتیانكردەوە كە پشتیوانی عێراق دەبن لە هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی دەوڵەتی یاساو دەستور.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەكەدا هاتوە، كە وڵاتانی بەشدار لە كۆنگرەكە جەختیان لە پشتیوانیكردنی عێراق كردۆتەوە لە بواری ئابوریی و هاریكاریی ئەو وڵاتە لە كەرتەكانی وزە، ئاو، كارەبا، ئاسایشی خۆراك، تەندروستی، گواستنەوە، و پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابوری و پاراستنی ژینگەو كەشوهەوا.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بەشدارانی كۆبونەوەكە رێككەوتن لەسەر بەستنی كۆنگرەی سێیەمی بەغدا لە ساڵی داهاتودا، لەگەڵ دیاریكردنی كات و شوێنەكەی بەڕاوێژ لەنێوانیاندا.