دەستگیرکردنی دوو سەرکردە و چەند ئەندامێکی داعش لە باشووری حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر زیندانێک کە سەرانی داعشی تێدایە و هەروەها هێرش بۆ سەر کامپی هۆل ئەنجام بدەن لە گوندەواری حەسەکە.
شەوی دووشەممە-سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوو ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان ئەنجامدا و شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە گوندەواری باشووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هێزەکانی هاوپەیمانان و یەکەکانی دژە تیرۆری سەر بە هەسەدە، دوو ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان لە یەک کاتدا لە دژی شانەکانی داعش لە شاری شەدادی ئەنجامداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە بوونە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێکخراوەکە کە دوو سەرکردەیان تێدایە.
هەروەک وتی، ئەندامانی ئەو دوو شانە بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر زیندانێک کە سەرانی داعشی تێدایە و هەروەها هێرش بۆ سەر کامپی هۆل ئەنجام بدەن لە گوندەواری حەسەکە.
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە دوای زانیاریی هەواڵگری ورد لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئەنجام دراون.
لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان سێ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە، کە لە ئەنجامدا شەش ئەندامی داعش دەستگیرکراون، لەنێویاندا سەرکردەیەک بەناوی ئەلزوبەیدی هەیە.
دوێنێ شاری شەدادی فڕینێکی چڕ و پڕی کۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەخۆوە بینی، کە لە کاتژمێر نۆی ئێوارەوە تا چواری بەیانی رۆژێکی تر، بەردەوام بوو.