قامیشلۆ – نۆرس پرێس
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بۆب مێنێندێز داوای لە وڵاتەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ لێپرسینەوە لە رەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
سیناتۆر مێنێندێز وتی ئەردۆغان “رێوشوێنی سەرکوتکەرانە و دژە دیموکراسی پەیڕەو دەکات کە پەیوەستن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان”.
ئەمەش لە وتەیەکدا هات کە دوێنێ دووشەممە لە هۆڵی ئەنجومەنی پیران پێشکەشی کرد، دوای هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەسینای پایتەختی یۆنان.
هەفتەی رابردوو ئەردۆغان هەڕەشەی بۆردومانی پایتەختی یۆنان کرد بەو مووشەکانەی لە تورکیا پەرەی پێدراوە “ئەگەر یۆنان بێدەنگی خۆی نەپارێزێت”.
لێدوانەکانی تورکیا لە چەند مانگی رابردوودا دژ بە یۆنان پەرەی سەندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە بە پەرەسەندنی بنیاتنانی سەربازی لە دوورگەکانی ئیجەی یۆنان لە نزیک کەناراوەکانی تورکیا دەیبینێت.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان سیاسەتی دەرەوە پەیڕەو دەکات کە بەهەمان شێوەی ئەو توندوتیژییە ترسناکەیە کە لە ناوخۆدا پراکتیزەی دەکات، بەڵام شتێک روونە، ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکا دەبێت کردەوەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە جددی وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لێپرسینەوە لە ئەردۆغان بکرێت، بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەرپێچیکردن لە نۆرمەکانی دیموکراسی و رێگەدان بە هێزەکانی بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ.
مێنێندێز جەختی لە بەردەوامی رەتکردنەوەی رێککەوتنی ئێف16 بۆ تورکیا کردەوە، تا ئەو کاتەی ئەردۆغان هەڵمەتی دەستدرێژیی خۆی لە سەرانسەری ناوچەکە راگردەگرێت.
مێنێندێز پێی وابوو سەرۆک کۆماری تورکیا “رەفتاری ناشەرعیی تاکڕەوانەی خۆی بەر لەو هەڵبژاردنانەی کە ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت” زیاد کردووە.
سەبارەت بە پەرەسەندنی ئەم دواییەی تورکیا لە باکووری سوریا و رۆژئاڤا، سیناتۆری ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هێرشی ئەردۆغان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی “داعش” کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەخاتە مەترسییەوە.
مێنێندێز هۆکاری “شەڕانگێزی و سەرکوتکردنی ئەردۆغانی بۆ شکستی گەورەی لایەنی ئابووری” گەڕاندەوە.
داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن کرد کە هەوڵەکانیان وەگەڕبخەن بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژی زیاتر بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.