رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: بەھۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە 10 ھەزار خێزان لە عێراق کۆچیان کردووە

هەولێر- نۆرس پرێس

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی “IOM”  لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوە کردووە، وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا رێژەی کۆچکردنی لە عێراق زیادکردووە، بەشێوەیەک نزیکەی 10 ھەزار و 464 خێزان لە 10 پارێزگای باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە کۆچیان کردووە.

بە پێی توێژینەوەیەکیش کە رێکخراوەکە ئەنجامیداوە، زیاتر لە نیوەی ئەو خێزانانەی لە بەسرە کۆچیان کردووە رایانگەیاندووە، ناتوانن خۆراک و پێداویستی سەرەکییان دابینبکەن، 53٪ی ئەو خێزانانەش گرەنتی داراییان نییە.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018ەوە چاودێری دیاردەی کۆچ بەھۆی وشکەساڵییەوە لە عێراق دەکەن، وشکبوونەوە و کەمئاوی و زیادبوونی سوێری رووبارەکانیش کاریگەرییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی عێراق زۆر زیاتر دەبێت.