کوژران و بریندار بە هۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیلەوە لە ناوچەیەکی گوندەواری دیمەشق
دیمەشق – نۆرس پرێس
نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا ژمارەیەک لە هێزەکانی حکومەت کوژران و برینداربوون، کە پێگەکانی گوندەواری دیمەشقیان کردە ئامانج.
دەزگای فەرمی “سانا” رایگەیاند، “لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریا دەنگی تەقینەوە بیستراوە و تا ئێستا سروشتی ئەو تەقینەوەیانە دیاری نەکراوە”
وەزارەتی بەرگری سوریا لە حکومەتی سوریا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، “نزیکەی کاتژمێر 00:30ی ئەمشەو، دوژمنی ئیسرائیل بە مووشەک لە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی تربەسپیەوە، دەستدرێژییەکی ئاسمانیان ئەنجامداوە و هەندێک پێگەیان لە ناوچەی دەوروبەری شاری دیمەشق کردوەتە ئامانج.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەرگری ئاسمانیمان مووشەکەکانی دەستدرێژییەکەیان بەئامانج گرت و ژمارەیەکیان خستە خوارەوە و لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییەدا دوو سەرباز برینداربوون و هەندێک زیانی ماددی لێکەوتەوە.”
میدیاکانی سوریا گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە تیایدا بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوریا لە گوندەواری دیمەشق رێگری لە مووشەکەکان دەکەن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و دەوروبەری، دوو کەسی نەناسراو کە پێدەچێت لەگەڵ حزبوڵای لوبنان کاربکەن، کوژراون.
روانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، “کۆگایەکی چەک و کەرەستەی لۆجستیی سەر بە حزبوڵای لوبنانی کراوەتە ئامانج، لەناو کێڵگەیەکدا کە دەکەوێتە نێوان سەیدە زەینەب و ئەلجەدەلیەوە، ئەمەش بووە هۆی لەناوبردنی تەواوەتی کۆگاکە، لەکاتێکدا زانیاری لەسەر بوونی چەندین کەسی کوژراو لەو پێگەیە هەیە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە بە 4 هێرش، شوێنەکانی میلیشیاکانی ئێرانی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و کێڵگەکانی ناوچەی سەیدە زەینەب لە گوندەواری دیمەشق کردە ئامانج”.