هەولێر – نۆرس پرێس
گرتن و دەستبەسەركردنی چالاكوانان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە و كەسایەتی و هونەرمەندانیش كە پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران كردبوو كەوتوونەتە بەر ڕقی دەسەڵات و دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە “تەرانە عەلیدوستی”، خانمە هونەرمەندی ناسراوی ئێران، كە بە هۆی لابردنی سەرپۆش و بەرزكردنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستگیركرابوو، دوێنێ ژمارەیەك لە هونەرمەندان و سینەماكاران لەبەردەم زیندانی ئەوینی تاران كۆبوونەوە.
دەیان ئەكتەری بەناوبانگ لەو گردبوونەوەدا لەبەردەم زیندانی ئەوین بەشداربوون و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی تەرانە عەلیدوستی و سەرجەم هونەرمەندە دەستگیركراوەكانیان كرد.
هەر لە چوارچێوەی هەڵوێستی هونەرمەندان و ئەكتەرانی ئێرانی بەرامبەر دەسەڵات، خانمە ئەكتەری بەناوبانگی ئەو وڵاتە نیكی كەریمی بە دانانی پۆستەری دروشمی ژن ژیان ئازادی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاند، كە وەك هەڵوێستێك بەرامبەر بە سەركوت و پێشێلكردنی ئازادییەكان، سەرجەم گرێبەستەكانی بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری هەڵوەشاندووەتەوە.
جیا لە هەڵوێستی هونەرمەندان، چالاكییە ناڕەزایەتییەكان بە شێوەی جیاجیا لەوانە نووسینی دروشم، ڕێپێوانی بێدەنگ، بڵاوكردنەوەی بەیاننامە و بڵاوكراوە، لابردنی سەرپۆش و چەندین شێوازی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا لە شاری شیراز ژمارەیەك لە ژنە چالاكوانان دەیان دروشمیان بە درەختەكانی ئەو شارە هەڵواسی.
خۆپیشاندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، كە وەك سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی ناسراون، ماوەی زیاترلە سێ مانگە بەردەوامن و بە درێژخایەنترین شەپۆلی ناڕەزایەتی لە مێژووی 43 ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێن.
لەو خۆپیشاندانانەدا نزیكەی 460 كەس كوژراون و زیاتر لە 18 هەزار كەسیش دەستگیركراون.