پارتێکی سوری: تورکیا هەوڵ بۆ لکاندنی زیاتری خاکی سوریا دەدات بە وڵاتەکەیەوە

مونبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی پارتی سوریای ئایندە رایگەیاند، تورکیا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەوڵی لکاندنی خاکی زیاترەی سوریا دەدات بە وڵاتەکەیەوە.

هەڕەشەکانی تورکیا بەردەوامە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی لە باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش لە شێوەی تۆپبارانکردنی بەردەوامی ناوچە سنوورییەکان و گوندەکانی هێڵی بەرکەوتندا، خۆی دەبینێتەوە.

محەممەد بەرکل، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارتی سوریای ئایندە لە مەنبیج رایگەیاند، هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سود وەرگرتن لە دۆخی پارچەپارچەبوون و دووبەرەکییە کە دەوڵەتی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی ئەنقەرە دەست بەسەر ناوچە گەورە و گرنگەکان لە خاکی سوریادا بگرێت، هەروەها بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی تێیدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “تورکیا بەشداریی لە میلیتاریزەکردنی شۆڕشی سوریادا کرد بۆ جێبەجێکردنی تەماحەکانی، سوریاییەکانی لە شەڕە دەرەکییەکانیدا قۆستەوە، هەروەک ئاراستەیان دەکات بۆ دابەشکردنی سوریا و کۆنترۆڵکردن و بەتورککردنی ناوچە بەرفراوانەکانی سوریا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بیانوو دەهێنێتەوە بۆ” پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی” و داوای دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی زەوییە نوێیەکان، لەم دواییانەشدا دەستیکردووە بە لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بۆ وازهێنان و وەلانانی میلیشیا دڵسۆزەکانی هاوپەیمانی، هەروەها بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ لەگەڵ بەڕێوبەری خۆسەر و هێزەکانی، “هەسەدە”.

ئامادەکردنی: ئەحمەد عەبدوڵڵا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان