بەغدا و واشنتن جەخت لەسەر مسۆگەرکردنی لەناوبردنی داعش دەکەنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جەختیان لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردەوە.
ئەمەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات کە ئێوارەی دوێنێ شەممە، لە نێوانیاندا روویدا و ناوەڕۆکەکەی لە راگەێنراوێکدا لەلایەن دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراقەوە بڵاوکراویەوە.
بەگوێرەی راگەێنراوەکە، هەردوولا لە گفتوگۆکەدا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش.
مەکگۆرک جەختی لە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ سەقامگیری و ئاسایش و سەروەری عێراق و خواستی سەرۆک بایدن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییە دوو قۆڵیەکان کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە سودانی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق “دەوڵەتێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ و سەروەرە و ئەولەویەتی حکومەتەکەی پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ و بنیاتنانی هاوبەشی ئابوورییە لە سەرانسەری ناوچەکە و جیهاندا”.
سودانی نیازی خۆی بۆ ناردنی شاندێک بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە بۆ واشنتۆن راگەیاند “بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی”.
لە کارنامەی شاندەکەدا باس لە وەبەرهێنانی وزە لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش کرا.