هه‌ولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ 17ی کانوونی یەکەم، رۆژی ئاڵای کوردستانە و لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و لای هاووڵاتیان ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.
نزیکەی سەدەیەکە کار بۆ بەرزڕاگرتنی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت. مێژوونووسان دەڵێن، ئاڵای کوردستان سەرەتا لە باکووری کوردستان و دواتر لای حیزبی هیوا لە باشووری کوردستان و عێراق لە ساڵی 1930 بەکارهێندراوە و ئەندامبوونیش لە حیزبەکەدا سوێندخواردن بووە بە ئاڵای کوردستان، خەنجەر و قورئان.
له ساڵی 1919 دکتۆر کامەران بەدرخان ھەمان ئاڵای وەك ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپای داوە، لە ساڵانی شهستهكانیش (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە بۆنه جیاوازه‌كاندا ھەمان ئاڵایان بەرزکردووه‌تەوە. دوای ساڵی 1970 رەوەندی کوردی لە بۆنە و یادەکاندا ئاڵای كوردستانیان هه‌ڵكردووه. دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستانيش لەسەر باره‌گای حزبی و ده‌زگا میدیاییه‌كان به‌رزكرایه‌وه.
په‌رله‌مانى كوردستان له دانیشتنی رۆژی 11/11/1999 یاسای ژماره (4)ی یاسای ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی عێراقی ده‌رچوواند، هه‌روه‌ها پەرلەمان به بڕیارى ژماره (48) لە 19/6/2004 رۆژى 17ى كانوونى یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێكى به رۆژى ئاڵاى هەرێمی كوردستانی ناساند.
ھۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری كوردستان هێنرانە خوارەوە و پارێزگاریان لێ‌کرا.
واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.
رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاویەتی.