هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوتوێی پاڵپشتیکردنی ناوچە “رزگارکراوەکان”ی دەستی داعش ده‌كات لە ڕۆژئاوای كوردستان و عێراق

دیمەشق – نۆرس پرێس

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تاوتوێی زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و سەقامگیری لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش لە ڕۆژئاوای كوردستان و عێراق ده‌كات، هاوکات تاوتوێی ڕێگاکانی گەڕانەوەی ئەندامانی داعش له‌ زیندانه‌كان و خێزانەکانیان لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ وه‌ڵاته‌كانیان كرد.

چوارشەممەی ڕابردوو فینلاند و ئەمریکا كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژکاری سیاسی-سەربازییانیان بۆ بەرپرسانی باڵای بەرگری هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە پایتەختی فینلاند ڕێكخست.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕاگه‌یندراوێكیان بڵاوکرایەوە و ماڵپەڕی پنتاگۆن بڵاویکردەوە، باس لەوە کراوه‌ کە بەشداربووان باسیان لە پێویستی پابەندبوونی هەمیشەیی هەڵمەتی تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سوریا کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و سەقامگیری لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش لە ڕۆژئاوای كوردستان و عێراق کرا.

هاوپەیمانییەکە ئاماژەیان بە پێویستی “گەڕانەوەی ئەندامانی داعش و خێزانه‌كانیان كه‌ ئێستا له‌ کەمپەکانی ڕۆژئاوای كوردستان نیشتەجێن بۆ وڵاتەکانیان”.

هەروەها لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکەدا باس لە “رێگاکانی قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش-خۆراسان لە ئەفغانستان” کرا، لەژێر ڕۆشنایی نیگەرانییە هاوبەشەکان سەبارەت بەو “هه‌ره‌شه‌یه‌”یەی کە ڕێکخراوەکە لە ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و لە سەرانسەری جیهان دروستیکردووە.

لیژنەی سەربازی تایبەت پێداچوونەوە بە مەترسییە پەرەسەندووەکانی ئەو گرووپە لە ئەفریقا تاوتوێی له‌گه‌ل هاوبەشەکانی هاوپەیمانان سەبارەت بە دۆخی سەر زەوی و بژاردە ئەگەرییەکان بۆ هاوکارییەکانی له‌ داهاتوودا كرد.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر