پشتیوانی سەربازی بەرەو باکووری دەرعا

دەرعا- نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا پشتیوانی سەربازییان هێنا بۆ چواردەوری شارۆچکەی سەنمین لە گوندەواری باکوری شاری دەرعا، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ “گەمارۆدان”ی چاند گەڕەکێکی شارەکە، بە وتەی چالاکوانان.

دانیشتوویەکی شارەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، پشتیوانی سەربازی گەیشتوونەتە بارەگا سەربازییەکانی چواردەوری شارەکە، لەوانە “فەرماندەیی فیرقەی نۆ”ی هێزەکانی حکومەت کە لە شارۆچکەی سەنمین جێگیرکراون و “لیوای ٤٣”ی سەر بە فیرقەی نۆیەم لە چواردەوری شارۆچکەی بەسیرە لە گوندەواری باکووری شاری دەرعا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كانی باكووری شاره‌كه‌ دوای گه‌یشتنی هه‌واڵی هێرشكردنه‌وه‌ی سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ روویان له‌ گوند و شارۆچكه‌كانی دراوسێ كردووه‌.

دانیشتووان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی مانگی ئازاری ٢٠٢٠ هەیە، کە هێزەکانی حکومەت هەڵیانکوتایە سەر شارەکە و ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکە کوژران و ژمارەیەک ماڵیان وێران کرد و ژمارەیەک لە ئەندامانی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئاوارەی باکووری سوریا کران.

شارۆ/جکەی سەنمین لە مانگی تەمووزی 2018ەوە تا ئێستا كوشت و بڕی  بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، دواهەمینیان كوژرانی پێنج كەس بوو، کە یەکێکیان بەرپرسی پێشووی لقی حیزبی بەعس بوو، لە 27ی حوزەیرانی رابردوودا.

شاری سەنمین یەکێکە لەو ناوچانەی کە چڕترین جێگیرکردنی ئەمنی هێزەکانی حکوومەتی تێدایە، کە فەرماندەیی فیرقەی نۆ و ژمارەیەک لقی ئەمنیی هێزەکانی حکوومەتی لێیە.

شارەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا مایەوە، جگە لە هەندێک گەڕەک کە پێشتر ئەندامانی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان تێدا ئامادەبوون.