شارەوانی حەسەکە رێگای سەرەکی دەروازەی باکووری حەسەکە قیرتاو دەکات
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە دوێنێ چوارشەممەوە کۆمپانیای گشتی رێگاوبان لە شارەوانی حەسەکە دەستیکردووە بە قیرتاوکردنی رێگایەکی سەرەکی لە دەروازەی باکووری شارەکە.
شارەوانی کار دەکات بۆ درێژکردنەوەی شەقامی قیر لەسەر شەقامی گشتی کە بە شارۆچکەی سەفیادا تێدەپەڕێت، بە درێژی 10کم لە باکووری حەسەکە و دەروازەی هاتنە ژوورەوەی شارەکەوە، بە درێژی 1300 مەتر و پانی 10 مەتر.
نەوشیروان ئەحمەد، کارگێڕ لە کۆمپانیای گشتی رێگاوبان، رایگەیاند، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە ئامانجی “ئاسانکاریکردنی جوڵەی هاتوچۆیە، بەهۆی بوونی چاڵ و چۆڵی زۆر لەسەر رێگەکە، ئەمە جگە لە گرنگی ئەو رێگایە کە دەیان گوندە بە حەسەکەوە دەبەستێت، جگە لەوەی شارەکە بە رێگای نێودەوڵەتی M4 و شاری قامیشلۆوە دەبەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کار لەسەر قیرکردنی هەندێک لە رێگا زیانلێکەوتووەکانی لە گەڕەکەکانی وەک (ناسرەت، کڵاسە، موفتی) دەکەن، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە.
پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی قیرتاوکردنی رێگای چوونە ژوورەوەی باکووری حەسەکە تەواو بێت، بە وتەی ئەحمەد.
بە گوتەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، دەستەی بەڕێوبەری خۆجێی و ژینگە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، قیرتاوکردنی ئەو رێگایەی شارەکانی حەسەکە و رێگای نێودەوڵەتی M4 بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە درێژایی 16 کم، بە تێچووی 350 هەزار دۆلار، بە ئەنجام گەیاند.
ئەمساڵ دەستەی بەڕێوبەری خۆجێی زیاتر لە 60 پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگاوبانی لە دەڤەری جزیرە جێبەجێکرد، بەپێی لێدوانێکی پێشووی سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی دەستەکە.