فەرمانبەرێکی کورد دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزێکی ئەمنی کەرکووک گیان لەدەستدەدات
ههولێر – نۆرس پرێس
شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک فەرمانبەرێکی کوردیان دەستگیرکردووە و بەیانیی ئەمڕۆش هەواڵیان بە خێزانەکەی داوە کە گیانی لەدەستداوە و بچن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی کەرکووک وەربگرنەوە.
ئەو فەرمانبەرە ناوی عەبدولقادر سەباح بوە و شەوی رابردو دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەستگیریانکردوە، بەوتەی کەسوکارەکەشی بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوەکراوە و پێیان وتراوە کە ئەو هاوڵاتییە لەکاتی بردنی بۆ شوێنی دەستبەسەرکردنی گیانیلەدەستداوە، بۆیە ئێستا دەتوانن بێن و تەرمەکەی وەربگرنەوە.
کەسوکاری عەبدولقادر سەباح دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی، قسەیان بۆ رۆژنامەنوسان کرد و باسیان لەوەکرد، بەگوێرەی توێکاری پزیشکی عەبدولقادر سەباح روبەڕوی هیچ ئەشکەنجەیەک نەبوەتەوە و هیچ ئاسەوارێکی برینیش لەسەر جەستەی نەبوە، هەروەها ناوبراو نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدا بوە و بەوتەی ئەوانەی کە دەستگیریانکردوە پێش گەیاندنی بۆ بنکەی ئاسایشی نیشتیمانی، تەندروستی تێکچوە و دواتریش گیانیلەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش دەکەن، ئەوان ناڕازین لە شێوازی دەستگیرکردنەکە بەهۆی ئەوەی عەبدولقادر فەرمانبەری دەوڵەت بوە، دەبوایە بەڕێکاری یاسایی هەر شتێکی لەسەرە، بانگهێشتی بەردەم دادگا بکرێت، نەک درەنگانێکی شەو هەڵبکوتنەسەر ماڵەکەیی و دەستگیری بکەن، بۆیە لەسەر روداوەکە سکاڵا لەسەر ئەو هێزە تۆمار دەکەن کە عەبدولقادری دەستگیرکردوە.
عەبدلقادر سەباح عەلی لەدایکبووی ساڵی 1977ـە و یەک منداڵیشی هەیە. کەسوکارەکەی دەڵێن، “بەرەبەیان ئاگادارکراوینەتەوە تەرمی کوڕەکەمان لە نەخۆشخانەی کۆمارییە.”