پێشمەرگە ئۆپه‌ڕاسیۆنەکی دژی داعشیان لە چیای قەرەچووخ ئەنجامدا

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

هێزەکانی پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچووخ لەنزیک قەزای مەخموور ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە و پاککردنەوەی لە داعش ئەنجامدا.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هێزەکانی لیوای 18ی پیادە لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی سنورەکەیان دەستپێکردوە و ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەش بەردەوامیان دەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لیوای 18ـی پیادە لەژێر سەرپەرشتی میحوەری 6ی هێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لەبناری چیای قەرەچوغ ئەنجامدا.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئۆپەراسیۆنەکەش لە سنوری ئەو گوندانە بون کە دەکەونە بناری چیای قەرەچوغ، مەبەست لێی کێوماڵکردن و پاک کردنەوەی ناوچەکە بو لە چەکدارانی داعش.

عەمید زریان ئیسماعیل خەلیفە، فەرماندەی لیوای 18ی پیادە لەدوای ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند، “ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن، پێشمەرگە هەمیشە چاوکراوەیە بەرامبەر هەر جوڵە و مەترسییەکی تیرۆریستان.”

داعش لە حوزەیرانی 2014دا له‌ عێراق موسڵ و بەشێکی زۆری ناوچە سوننەنشینەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی؛ لە ئابی 2014دا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رووبەڕووی یەکەمین شکست بووەوە.

ساڵی 2017 کۆتایی خەلافەتی داعش لە عێراق راگەیێندرا، بەڵام یەکێک لەو شوێنانەی پاشماوەکانی داعش وەکو پەناگە بەکاریدەهێنن، چیای قەرەچووخە لە مەخموور.