تورکیا داوای “هەنگاوی هاوبەش” دەکات لە رووسیا لە دۆسیەی سوریادا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە ڤلادیمێر پوتین هاوتا رووسییەکەی کرد، “هەنگاوی هاوبەش” لە باکوری سوریا بنێت، ئەمەش لەپاشخانی هەڕەشە دووبارەبووەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوچەکە.
لە راگەیاندنێکی دژبەیەکدا، سەرۆک کۆماری تورکیا وتی “تورکیا داوای مۆڵەت لە هیچ کەسێک ناکات”، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە رەنگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا ئەنجام بدات، بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتییەکانی رووسیا یان ئەمریکا.
ئەو قسانەی ئەردۆغان پێش بەڕێکەوتنی بەرەو تورکمانستان هات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەیەک لەگەڵ ئازەربایجان و تورکمانستان، هەروەها رایگەیاند “نابێت هیچ کەسێک چاوەڕێی ئەوە بکات تورکیا لەبەرامبەر ئەو مەترسییە راستەقینەدا بێدەنگ بێت” بەدرێژایی سنووری باشووری وڵاتەکەی.
پێش ئەوە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، رایگەیاند، حکومەتی تورکیا ئامادەیە لەگەڵ “رژێمی سوریا” کاربکات و پەیوەندییەکانی بگەڕێنێتەوە، هەروەها دەزگای هەواڵگریش بۆ ماوەیەکی زۆرە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا بەردەوامن.
ناوبراو زیادی کرد: ئەگەر رژێم بە شێوەیەکی واقیعی مامەڵە بکات، ئێمە ئامادەین بە پێکەوەکارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی سیاسی و گەڕانەوەی سوورییەکان.
لە کاتێکدا هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی تورکیا دۆستایەتی و نزیکبوونەوەی لەگەڵ دیمەشق و هەروەها لەگەڵ رووسیای لایەنگری سەرەکیی ئەو وڵاتە نیشان دەدەن، کەمتر باس لە پشتیوانی گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و بیرۆکەی “ڕووخاندنی ڕژێم” کراوە، کە بە تەواوی لە هەڵوێستەکانی ئەمدواییەی تورکیادا ون بووە.