هەولێر- نۆرس پرێس
پێش کەمێک، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، لە ژێر ناونیشانی “هەندێک رێنومایی گرنگ” دا پەیامێکی سێ خاڵی دەربارەی نوێژە بەکۆمەڵەکەی رۆژی هەینی 15ی تەممووزی 2022 بۆ شوێنکەوتووانی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە:
یەکەم: نوێژی هەینیی یەکگرتوویی، پەرستشێکە تەنیا بۆ خودایە، پابەندبن بە فەرمان و شێوازەکەی، هەوڵدەدەم لەگەڵتان نوێژ بکەم، ئەگەرنا نوێنەری خۆم دەنێرم.
دووەم: گوێ بە دزەپێکراوەکان مەدەن، ئێمە هیچ قورساییەکیان بۆ دانانێین.
سێیەم: دەنگی هەینی لە سەرووی هەموو ناڕەزاییەکانی دیکە بێت، ناچمە نێو فیتنەیەکی دیکە، بژاردەکە بۆ گەلە، پێشتریش پشتیوانیم کردووە، ئەگەر پێویست بێت لە رۆژانی داهاتوودا وەستانمان دەبێت بۆ پشتیوانیی چاکسازیی.
دوای کشانەوەی سەدر و رەوتەکەی لە حکومەت و پەرلەمانی عێڕاق، جموجوڵ و ناڕەزایی رەوتەکە و لایەنگرانی دژ بە “گەندەڵی” وەک خۆیان ناوی دەبەن، زیاد کردووە، وا بڕیارە سبەینێ لە نوێژی هەینیدا و لە لە حوسەینییەی موحسین لە ناوچەی سەدری بەغدا، نوێژێکی بەکۆمەڵی رۆژی هەینی کە سەدرییەکان بە “نوێژی یەکگرتوو” یان ” نوێژی ملیۆنی” ناوی دەبەن، ساز بکرێت و چاوەڕوانن رێبەرەکەیان دوایین هەڵوێستی سیاسیی خۆی رابگەیێنێت.
بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی 500 کەسی بۆ سەرپەرشتیکردن و رێکخستنی نوێژی بەکۆمەڵی سەدرییەکان پێکهێنراوە. بەپێی ئامادەکارییەکانی ئەوان، خواردن و تەنانەت شوێنی مانەوە بۆ نزیکەی ملیۆنێک نوێژخوێن ئامادە کراوە.