نێد پرایس: لەسێدارەدان بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ناڕازییە لە ئێران
هەولێر- نۆرس پرێس
لەسێدارەدانی دووەم خۆپیشاندەر لە ئێران کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، ئەمریکا ئیدانەی دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە لێپرسراوانی ئێران دەکات جێبەجێکردنی سزاکە رابگرن.
“نید پرایس” گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سزای لەسێدارەدان زۆر توندە و مەبەست لێی ترساندنی گەلی ئێران و کپکردنی دەنگی ناڕازییە لە ئێران.
ھاوکات “ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس” سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لێپرسراوانی ئێران کرد جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە زووترین کات رابگرن.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش داوای لە رێکخراوە جیھانییەکان کرد، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر لێپرسراوانی ئێران، بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان ھەڵبوەشێننەوە.
دوێنێ دووەم خۆپیشاندەر بە ناوی “مەجید رەزا رەھنوەرد” لە شاری مەشھەد لەسێدارەدرا، بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران. رۆژی پێنج شەممەی رابردووش، “موحسین شکاری” تەمەن ٢٣ ساڵ وەک یەکەم خۆپیشاندەر بەتۆمەتی ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنییەکان لەسێدارەدرا.