ئەردۆگان هەڕەشە لە یۆنان دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەگەر یۆنان بەردەوام بێت لە هەڵوێستەکانی کە ئەنقەرەی بێزار کردوە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی تورکیا “هێرش دەکەنەسەر ئەسینا”.

رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا باسی لەوەشکرد، “یۆنان لە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی ئێمە دەترسێت، دەوترێت لەوانەیە ئێمە ئەسینا بە ئامانج بگرین.. ئەگەر هێمن نەبنەوە (واز لە ئیستفزازکردنمان نەهێنن) بێگومان ئێمە لێیان دەدەین”.

وتیشی، “ئێمە ئێستا موشەکی خۆمان بەرهەم دەهێنین، ئەمەش شتێکە یۆنان دەترسێنێت، کاتێک باسی موشەکی تایفۆن دەکەین، یۆنان هەست بە ترس دەکات و دەڵێت دەتوانێت بەر ئەسینای پایتەخت بکەوێت”.

ئەوەش لەکاتێکدایە سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەی نزیکەی دو مانگە لە زۆرینەی وتارەکانیدا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەڵام بەهۆی ناڕەزاییەکانی روسیا و ئەمریکا، لەم کاتەدا ئەنقەرە لەو هەوڵەی پاشەکشەی کردوە.