کوژرانی دوو بەرپرسی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند کە دوو بەرپرسی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە رۆژهەڵاتی سوریا کوژراون.
لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ئەمریکادا هاتووە،” لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا هەلیکۆپتەرێک هێرشێکی ئاسمانی سەرکەوتووانەی ئەنجامداوە و بەهۆیەوە دوو بەرپرسی ناو رێکخراوەکە کوژراون کە یەکێکیان ناوی ئەنەس بووە”، بەبێ ئەوەی زیاتر لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکان و شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرابکرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەنەس لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنە کوشندەکان بۆ ئەو رێکخراوە لە رۆژهەڵاتی سوریا دەستی هەبووە.
ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنەکە بەبێ بەشداری هیچ هێزێکی دیکە بۆ “دڵنیابوون لە سەرکەوتنەکەی” ئەنجامدراوە و هیچ زیانێکی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لێنەکەوتووەتەوە.
جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە بەردەوامبوون لە شەڕی داعش شانبەشانی هاوبەشە ناوخۆییەکانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێکخراوە بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانە و هێرشە دەرەکییەکانی کە هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن و ناوچەکە و دەرەوەی وڵات دەکات.
جۆ بوچینۆ وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، داعش بەردەوامە لە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
راشیگەیاند کە کوشتنی بەرپرسانی رێکخراوەکە توانای پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشی ناسەقامگیرکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات.