بەرگری ئەمریکا: داعش هەوڵی قۆستنەوەی هەر کردەوەیەکی سەربازی تورکیا دەدات لە باکووری سوریا
واشنتن- نۆرس پرێس
دوێنێ، دانا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتۆن ئەنقەرەی ئاگادار کردووەتەوە دەربارەی دژایەتی توندی خۆی بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا لە باکووری سووریا ، ئەوەش بەهۆی ئەگەری قۆستنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە.
سترۆڵ لە میانی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: ” داعش بۆ ترساندنی دانیشتووان و مەترسی لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل هەوڵدەدات جارێکی دیکە هێرشی زیندانی حەسەکە دووبارە بکاتەوە”
وتیشی: هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە زۆر نیگەرانین لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باکوری سوریا.
سترۆڵ ئاماژەی بەوەدا کە “پێویستە پاڵپشتیەکانمان زیاد بکەین بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕێوبەریە خۆجێیەکان و حکومەتی عێراق، هەروەها گرنگییەکی تایبەت دەدەین بە ئامادەکردنەوە و ئاوێتەکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقی و سوریانەی کە لە کەمپی ئەلهەولدان بە کۆمەڵگا “
وهۆشداریدا لەوەی هەر کارێکی سەربازی “کۆتایی بە ئاگربەستێک دەهێنێت کە ساڵانێکە بەڕێوەدەچێت و ئاژاوە و توندوتیژی زیاتر بۆ گۆڕەپانی سوریا زیاد دەکات”.
سترۆڵ ئاماژەی بەوەدا کە بریکارەکانی ئێران لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا “ڕۆڵێکی ناسەقامگیرکەر دەگێڕن کە مەترسی لەسەر سەروەری حکومەتی عێراق و سەلامەتی گەلانی عێراق و سوریا و پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەوێن.”
لای خۆیەوە جوشوا گێلزیر، بەرپرس لە كۆشكی سپی رایگەیاند، “ئەمریكا لە رێگەی باڵاترین بەرپرسەكانییەوە، ئەنقەرەی ئاگادارکردوەتەوە لە رەتكردنەوەی هەر كردەوەیەکی سەربازی توركیا كە کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان لە باكووری سوریا لە شەڕیاندا دژ بە داعش”
لە شەشی ئەم مانگەدا، بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان باری نائاسایی گشتی راگەیاند و پلانی فریاگوزاری ئامادەکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هێرشێکی تورکیا کە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کە شاری مەنبەج و تل رەفعەت دەکاتە ئامانج، حکومەت و هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە هێنانی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە.