مەسرور بارزانی: داهاتی ناوخۆ بە رێژەی %100 زیادی کردووە
هەولێر – نۆرس پرێس
مەسرور بارزانی بەبۆنەی سێ ساڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا دوێنێ رایگەیاند، “لە ئەنجامی چاکسازی لە هەردوو بواری دارایی و کارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو و تائاستی 100% زیادیکردووە.” هاوکات “کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات کردووە.”
هەروەها رایگەیاند، توانیویانە مووچە “بە بەردەوامی بدەین،” ئەگەرچی هەندێک جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم، رێژەی مووچەکە 100% نەبوو، بەڵام مووچە دابەشکردن هەر بەردەوام بووە. دەشڵێت، “توانیمان قۆناخی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە باسکردنی کۆرۆنا دەستیپێکرد کە چۆن هەرێمی کوردستان و جیهانی بەگشتی گرتەوە، دەڵێت، “سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تائێستاش دەرهاویشتەکانی هەر ماون. حکومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە، کە 200 ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکومەتەکەتان درا. بەڵام حكومەت، توانی لەڕێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانییەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.”
بەپێی داتاکانی حکومەت کە مەسرور بارزانی بۆ گوتارەکەی پشتی پێبەستوون، “زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی 2014 لە بواری رێگەوبان بووە.” گوتی، “هەروەها لەم کابینەیەدا بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵی، زۆر زیادیکردووە و بە کردەوە، هەلی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی ناوخۆی کوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی رەخساندووە و دەستیپێکردووە.”
دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند، ژێرخانی کارەبا و بواری گواستنەوەی گشتی، بەشێکی دیکە بوون لەوانەی سەرۆکوەزیران باسیکردن. گوتی، “هەنگاوی کردەیی” بۆ ئەو پرسانە نراون. “ژێرخانی کارەبا بەهێزتر کراوە تا رێگە لە بەفیڕۆدانی کارەبا بگیرێت. هەروەها چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.”
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێو ئەنجوومەنی وەزیران و پەیوەندیی حکومەت لەگەڵ پەرلەمان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، “لەم کابینەیەدا، هاوئاهەنگییەکی تۆکمە و بەهێز لە ناو ئەندامانی کابینە و ئەنجوومەنی وەزیران دا هەیە. زۆرترین کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش کراوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت. هەروەها پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا هەیە و وەزیران و بەرپرسانی حکومەت، زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی روونکردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی داهاتوو ئەمانەن:
– بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ. زیادکردنی بەنداوەکان و بەردەوامیدان بە کارکردن لە سەر پاراستنی ئاسایشی ئاو.
– دامەزراندنی سیستمێکی ژینگەدۆست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاشاک و زبڵ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
– زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر و گازی بەفیڕۆدراو و ئەو سەرچاوانەی کە نرخی بەرهەمێنانی کارەبا کەم دەکاتەوە.
– بەردەوامبوون لەسەر پاڵپشتیکردنی گەنجانی کوردستان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی بچووک بە مەبەستی دروستکردنی هەلی کاری زیاتر.
– بەکارخستنی سیستمێکی پێشکەوتووی بانکی، بۆ بەهێزکردنی ئاڵۆگۆڕکردنی بازرگانی و جووڵەی بازاڕەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
– فراوانکردنی خزمەتگوزاریی ناو شارەکان و زیادکردنی رووبەڕووی سەوزایی و تایبەتمەندییە ژینگەییەکان لە شارەکان.
– پەرەپێدان و زیاترکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتەکان.
– باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە گوندەکان و شارۆچکەکان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەوێ روو لە شارە گەورەکان نەکەن.
– بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشە و پێگەیەکی هێرشکردن بۆ سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.