ئەمڕۆ سەرۆکی هەنگاریا دێتە هەولێر

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، 9.12.2022 کاتالین ئێڤا نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش دەکات و نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکات.

نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا لەبارەی بەرنامەی سەردانەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، خانمە سەرۆکەکە تاوەکو شەممە لە عێراق دەمێنێتەوە؛ بڕیارە لەو ماوەیەدا سەردانی هێزەکانی هەنگاریا بکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون.

بڕیارە سەرۆکی هەنگاریا لەو ماوەیەدا سەردانی هێزەکانی هەنگاریا بکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون، هەروەها سەردانی ئەو پڕۆژە مرۆییانە دەکات کە بە سەرپەرشتیی بەرنامەی هاریکاری هەنگاری لە عێراق و هەرێـمی کوردستان جێبەجێکراون.

وابڕیارە سبەینێ شەممە، سەرۆکی هەنگاریا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.

هەنگاریا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە و 170 سەرباز و راوێژکاری سەربازی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان و عێراقن و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.

تاوەکو ئێستاش 25 سەربازی عێراقی کە لە شەڕی دژی داعشدا برینداربوون، بۆ چارەسەر رەوانەی هەنگاریا کراون.