گیانلەدەستدانی منداڵێکی سوتاوی کامپێکی باکووری رەققە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، منداڵێک کە لە کامپێکی باکووری رەققە تووشی سووتانی جەستە بوو، دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە چاودێری چڕ دانرا، ژیانی لەدەستدا.
سێشەممەی رابردوو، 11 منداڵ بە پلەی جیاوازی سووتاوی برینداربوون، کە هەندێکیان باری تەندروستییان ناجێگیر بوو، لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا لە قوتابخانەیەک لە کامپی تل سمن لە باکووری شاری رەققە لە باکووری سوریا کەوتەوە.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی نەتەوەیی رەققە ئاشکرای کرد، کچە تەمەن 14 ساڵانەکە بە ناوی (مەلکان ئەحمەد قادر) بەهۆی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە کە منداڵەکە لە ئەنجامی سووتانی پلە سێی سەرتاسەری جەستەیدا گیانی لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی لە ئەنجامی ئەو دوکەڵە زۆرەدا کێشەی هەناسەدانی بۆ دروستبوبوو.
پێشتر سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی نەتەوەیی رەققە رایگەیاندبوو کە دوو لە بریندارەکان باری تەندروستیان ناجێگیرە، هەروەها لە بەشی چاودێری چڕ دانراون.
هۆکاری ئاگرەکە هەڵگەڕانی گەرمکەرەوەیەک بووە، لە کاتێکدا قوتابیان لە دەوروبەریدا کۆبوبوونەوە لەناو ئەو خێوەتەی کە وەک پۆلێک لە کامپی تل سمەن بەکارهاتووە.