ههولێر – نۆرس پرێس
دەسەڵاتی دادوەری ئێران یەکەم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ خۆپێشاندەرێکی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە دەرکرد و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بڕیارەکە جێبەجێکرا.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی (میزان) سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بڕیاری لەسێدارەدانی (موحسین شکاری) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، ٨ـی کانوونی یەکەم) بە تاوانی “دژایەتی حکومەتی ئیسلامی”، جێبەجێکراوە.
موحسین شکاری، کە لە رۆژی 25-09-2022 بەشداریی لە خۆپێشاندانێک کردبوو لە تاران، یەکەم کەسە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا لەسێدارە دەدرێت.
ئەوە یەکەم بڕیاری جێبەجێکراوی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرێکی خۆپێشاندانەکەی ئەمدواییەی ئێرانە کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و زیاتر لە ٨٠ رۆژە بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا، ٤٥٨ خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
ههروهها له ڕاپۆرتهكهدا هاتووه، 11 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. یەکێک لەوان سامان یاسین، گۆرانیبێژی خەڵکی کرماشانە، کە دایکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە خەڵک کردووە گیانی کوڕەکەی رزگار بکەن.
دایکی سامان یاسین دەڵێت، “کوڕەکەم لە مافی پارێزەر بێبەش کرا، تکا دەکەم لە خەڵک و لایەنەکانی مافەکانی مرۆڤ، فریای کوڕەکەم بکەون، کوڕەکەم هونەرمەندە، ئاژاوەگێڕ نییە، من دایکێکی جەرگ سووتاوم، بۆ رەزای خودا فریای کوڕەکەم بکەون.”
لە رۆژانی رابردووشدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران ئاگادارکردبووەوە.