مەزڵوم عەبدی: هەڵوێستەکانی واشنتن بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا وەک پێویست نەبووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەشداربوون لە کەمکردنەوەی توندی هێرشەکانی تورکیا، بەڵام لە ئاستە پێویستەکاندا نەبوون، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا رێککەوتنی ئاگربەستی 2019 پێشێل دەکات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “شرقول ئەوسەت”، عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی تورکیا بووە هۆی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی “هەسەدە” وهاوپەیمانان، ئێستاش کە دۆخەکە کەمێک باشتر بووە، هاوکاری هاوبەش گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێش 20ی تشرینی دووەم.
سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی توندیی هێرشەکانی تورکیا، عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەنقەرە تارادەیەک کاریگەری هەبووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیشدا فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەنقەرە زیاتر دەبێت.
راشیگەیاند کە تورکیا ئەو لێکتێگەیشتنانەکانی پێشووی پێشێل کردووە ، چ لەگەڵ رووسیا یان لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش فشارێکی زۆری لێکەوتەوە کە بووە هۆی کەمتربوونەوەی بۆردومانەکان.
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە پێگەکانی ئەمەریکا سنووردار بوون بە لێدوانی رۆژنامەوانی و هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر هاتنەناوەوەی فڕۆکەکانی تورکیا نەبوو، کە هاتوونەتە قووڵایی زەوییەکانەوە، لەنێویاندا بۆردوومانکردنی کامپی هۆل.
عەبدی رەتیکردەوە ئەو هێرشانەی دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنجامدران بچوێنرێت بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا کە لە ساڵی 2019 ، ، “لەو کاتەدا هەماهەنگی لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و تورکەکاندا هەبووە و لەسەر بنەمای ئەوەش ناومان ناوە خیانەت، بەڵام ئێستا ئیدارەی بادین دەڵێت رێگە بە هاتنە ناوەوەی سەربازی و زەمینی و وێرانکردنی ناوچەکە نادەین.”
لە ساڵی 2019ەوە زۆرترین فشار لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە دروستبووە بۆ ئەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی نوێ ئەنجام نەدات و ئەوانیش رێگەیان بەو کارە نەداوە، بە گوتەی عەبدی.
عەبدی داوای خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نوێ کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە فشارەکان، “تا تورکەکان و بەتایبەت ئەردۆغان تێبینی ئەوە بکەن کە ناتوانن هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن ئەگەر بیانەوێت لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەردەوام بن لە دەسەڵات و بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن”
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا، عەبدی وتی، “لە ئێستادا لە هەڵوێستێکی بێلایەندایە لەنێوان ئێمە و تورکیادا، هەوڵیش دەدات رەوایەتی بدات بە رێککەوتنی ساڵی 2019 و چارەسەری ئەو پێشێلکارییانە بکات کە ڕوودەدەن”.
لە وەڵامی ئەوەی تورکیا دەیڵێت ئێمە بە دووری 30 کم نەکشاینەوە، عەبدی وتی، “ئێمە بە فەرمی لە سنوور ئامادە نین تاوەکو داوامان لێبکرێت بە قووڵایی 30 کم بکشێینەوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن، بەڵام ئەوان لەدەرەوەی رێکەوتنەکەن”.