هێلسنکی – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پێویستە فینلاند گەمارۆی فرۆشتنی چەک لەسەر ئەنقەرە هەڵگرێت، ئەوەش وەک مەرجێک بۆ پاڵپشتی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە.
ئەمساڵ هەریەکە لە فینلاند و سوید دوابەدوای جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا داوای بەشداریکردنیان لە هاوپەیمانیەتەکە کرد، بەڵام تورکیا کە ماوەیەکی زۆرە ئەندامی هاوپەیمانییەکەیە، رەتیکردووەتەوە پابەندی داواکارییەکانیان بێت تا ئەو کاتەی هەردوو وڵات کۆمەڵێک داواکاری ئەوان جێبەجێ دەکەن، لەنێویاندا داواکاری هەڵوێستی توندتر دژ بە کورد و هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا.
سوید لە مانگی ئەیلولدا قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی بە تورکیا هەڵوەشاندەوە، کە دوو هەردوو وڵات لە ساڵی 2019 دا و لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەنقەرە بۆ سەر کوردانی سوریا سەپاندیان، بەڵام فینلاند هەنگاوێکی هاوشێوەی نەناوە.
چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی کە بڕیارە لە 8ی کانوونی دووەم ئەنجام بدرێت، وتی: هاتنی وەزیری بەرگری فینلاند بۆ تورکیا گرنگە. ناوبراو زیادی کرد: چونکە تا ئێستا فینلەندا لە بەیاننامەیەکدا راینەگەیاندووە کە گەمارۆی چەکی هەڵگرێت بەسەرماندا، بۆیە چاوەڕێی بەیاننامەیەکی لەو شێوەیەین.
ئەنقەرە ئەو دوو وڵاتەی بە تایبەتی سوید تۆمەتبار کردووە بە داڵدەدانی ئەو کەسانەی ئەو بە “تیرۆریست”یان دەزانێت، لەوانە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەو گرووپەی کە تۆمەتبارن بە داڕشتنی هەوڵی کودەتایەکی شکستخواردوو لە ساڵی 2016دا.