نوێنەرانی ئەمریکا هۆشداری دەدات بە تورکیا لە هەر کردەوەیەکی سەربازی دژ بە هەسەدە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد، خۆی لە هەر کردەوەیەکی سەربازی لە باکووری سوریا دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەدوور بگرێت کە هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تێکبدات.

 سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، گریگۆری میکس و ئەندام مایکل مەککۆل، بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی دۆخی سوریا بڵاوکردەوە.

 لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئێمە زۆر نیگەرانین لە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات”.

 ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش ده‌خه‌نه‌ مەترسییەوە و داعش دووبارە هەوڵی خۆرڕێکخستنەوە دەدات.

 لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “تورکیا نیگەرانی رەوای هەیە لە دوای تەقینەوەکەی مانگی رابردووی ئەستەنبوڵ.”

 داواشی لە ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد، خۆی لە هەر کردەوەیەکی سەربازی لە باکوری سوریا بەدوور بگرێت.

  ئاماژەی بەوەدا کە هەر چالاکیەکی سەربازی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی شکستی “داعش” تێکدەدات و مەترسی لەسەر بژێوی خەڵکانی سڤیل لە سوریا دروست دەکات.

 ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : عەدنان حەمۆ