هەناری هه‌رێمی كوردستان هەناردەی بەریتانیا و وڵاتانی عەرەبی دەکرێت

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی بارهەڵگرێکی هەناری هەڵەبجەدا رایگەیاند: “بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند”.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ستار مەحموود به‌میدیاكانی ڕاگه‌یاند “ئێمە بڕوانامەی تەندروستی بۆ هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە دەکەین، بەڵام لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەناردە دەکرێت”.

فەرەیدون نامدار بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سازان بۆ هەنار ڕاگەیاند: “بەپێى ئەو گرێبەستەى کردوومانە، ئەمساڵ دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەى دەرەوە دەکەین بۆ ئەو مەبەستە دەستمان بە هەناردەکردن کردووە و تا ئێستا 500 تۆنمان هەناردە کردووە.”

هەڵەبجە ساڵانە نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی کەمیکردووە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ئەمساڵ نزیکەی 12 هەزار تۆن بەرهەم هەبووە. لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمیشەوە گوتی، زستانی رابردوو لە هەڵەبجە سەخت بوو و پلەی گەرما گەیشتە 15 پلە ژێر سفر، بەفر باری و پێنج رۆژ مایەوە؛ سەرمایەکی تووندی بەهار چرۆی دار هەنارەکانی وشککرد و بەشێکیان جارێکی دیکە چرۆیان نەکردەوە.

هەناری هەڵەبجە لە رێگەی بارهەڵگرەوە لە دەروازەی وڵاتانی تورکیا، ئێران و دەروازەکانی پارێزگاکانی عێراقەوە هەناردە دەکرێ.

دوای هەنار، لە پلاندایە بەرهەمی دیکەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێت، لەوانە تەماتە، باینجان، شووتی، هەنجیر، خەیار و ترێ. فەرەیدوون نامدار گوتی: “گرێبەستێکم بۆ کڕینی 10 هەزار تۆن تەماتە کردووە؛ لەجیاتی ئەوەی تەماتەی جووتیاران وەکو بینیمان لە بێ بازاڕیدا لە پێنجوێن فڕێدرا و فڕێبدرێتەوە، ساڵی داهاتوو هەناردەی دەکەین. کار بۆ هەموو بەرهەمەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەناردەکردن، لەوانە ترێی شارباژێر و هەورامان کە بەنێوبانگن”.