نێردەی رووسیا لە سوریا باس لە شیمانەی کۆبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆگان دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی ،ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری سەرۆکایەتی رووسیا لە سوریا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی سوریا و تورکیا دەکات، هاوکات ئاماژەی بە دوو هۆکار کرد کە رەنگە رێگری لەم کارە بکەن.
لاڤرێنتیڤ لە بەیاننامەیەکدا کە تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبیە گواستیەوە، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان دەزگای هەواڵگریی هەردوو وڵات، سوریا و تورکیا، بەردەوامن و “نهێنی نییە”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “ئەمە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک بابەتی پەیوەست بە دۆخی ئەمڕۆی ناوچەکەوە.”
نێردەی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆگان و ئەسەد هەمیشە بەردەستە، ئێمەش هەمیشە پشتگیریمان لە رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە کردووە.
سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە بۆ ئاستێکی باڵاتر، لاڤرێنتیڤ روونیکردەوە وڵاتەکەی کێشەیەک لەگەڵ کاتدا نابینێت، بەڵکو لەگەڵ خواستی هەنگاوناندان بەرەو یەکتر.
لاڤرێنتیڤ ئاماژەی بە قسەکانی پێشووی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد، کە وتی “دەبێت تورکیا و سوریا کاربکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە رووسییە، ئەوەی رەنگە رێگری لە لێکنزیکبوونەوەکە بکات ، “یەکەم پرسی سنوورەکان و بوونی تورکیا لە سوریا و دووەمیش ئەو پاڵپشتییەی کە تورکیا پێشکەشی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکات”.