مەزلوم عەبدی: دەبێت ڕووسیا بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا لە ئەستۆ بگرێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ڕوسیا وەک وڵاتێكی گەرەنتیكه‌ر له‌ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ڕۆژئاوای كوردستان، کە ساڵی 2019 لەگەڵ تورکیا ڕێكه‌وتبوون، پێویستە بەرپرسیارێتی له‌ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا لە ئەستۆ بگرێت.

لە 20ی مانگی ڕابردووەوە تورکیا بەردەوام بۆردومانی ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات، و زیانی گیانی به‌ هاوڵاتییانی مەدەنی و سەربازه‌كان گه‌یاندووه‌، ئەمە جگە لە پێشێلکردنی وبه‌ ئامانجگرتنی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا کە لە بەرنامەی “واشنتۆن ئۆنلاین”ی ئاژانسی نۆرس پرێس لە واشنتۆنەوە پەخشکرا، عەبدی ، ڕوسیای بە بەرپرسیار زانی لە ڕاگرتنی هێرشەکان و گرتنەبەری هەڵوێستی توندتر، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی سۆچی كه‌ لە ساڵی ٢٠١٩،دا ئیمزاكرا، كه‌ده‌بێت ناوچه‌كه‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا و ڕوسیا جێگیربكرێت ، بۆیه‌ پێویته‌ ڕێگری لە هەر هەنگاوێکی سەربازی تورکیا بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، گومانی تێدا نییە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر هه‌ڵوێستی ڕووسیا هه‌یه‌ “ و ڕووسیا نایه‌وێت دژی توركیا بوه‌ستێت بۆ ئەوەی له‌ شەڕەکەیەوە له‌گه‌ل ئۆکرانیا توركیا پاڵپشتی بكات”.

بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی ڕووسیا “هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە هێرشەکانی تورکیا بکات بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، و ڕێگە بە تورکیا بدات ڕێککەوتنی نێوان پوتین و ئەردۆغان لە ساڵی 2019دا پێشێل بکات”.

وتیشی، “ئێمە دەزانین کە ڕووسیا دژی هێرشەکانی تورکیایه‌، بەم شێوەیەش هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت، هەروەها گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە سەبارەت بەو هێرشانە”.

گوتیشی، داوا لە لایەنی ڕووسیا دەکەین هەڵوێستی توندتر ڕابگەیەنێت، داواش بكات تورکیا پابەندی ڕێککەوتنەکانی پێشوو ببێت و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکات، نەک لە ڕێگەی شەڕەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: ڕه‌هه‌ف یوسف