یونسکۆ ئیدانەی كوشتنی ڕۆژنامەنووس عیسام عەبدوڵڵا دەکات به بۆردومانی تورکیا له ڕۆژئاوای كوردستان
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ پێنجشەممە ئۆدری ئازوولای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، ئیدانهی كوشتنی ڕۆژنامەنووس عیسام عەبدوڵڵای کرد، كه لە هێرشێکی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لە ٢٠ی ئەم مانگە شههید بوو.
ئازوولای لە بەیاننامەیەکدا، کە ماڵپەڕی فەرمیی یونسکۆ بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی پابهندبونی وڵاتان له پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوه نەتەوهیهكان ڕایگەیاند “کوشتنی ڕۆژنامەنووس عیسام عەبدوڵڵا ئیدانە دەکەم، ئەرکی ڕۆژنامەنووسان پێدانی هەواڵ و زانیارییه، لەوانە ڕووماڵکردنی جهنگ و شوێنه مهترسیدارهكان، بۆیه پێویستە سەلامەتی و پاراستنیان بۆ دابین بکرێت”.
عەبدوڵڵا، پەیامنێری ئاژانسی هاوار نیوزANHA) ) بووه لە ساڵی 2013ەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان کاردەکات، لەکاتی ڕووماڵکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەی دێریک له ڕۆژئاوای كوردستان، گیانی لەدەستدا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە “یونسکۆ کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی هۆشیاری جیهانی و بنیاتنانی توانا و هەماهەنگی جێبەجێکردنی پلانی کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان.
هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای كوردستان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بووە هۆی گیانی لهدهستدانی ژمارهیهك هاووڵاتیانی مەدەنی، هاوکات زیانی زۆری بە ژێرخانه خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە گەیاند.