كوژرانی سێ ئه‌ندامی هێزه‌كانی حكومه‌ت له هێرشێكی چه‌كداریدا له رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور
دێره‌زوور- نۆرس پرێس
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی سوریا رایگه‌یاند، چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو هێرشیان كردۆته سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی و دوو خاڵی هێزه‌كانی حكومه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور، له ئاكامدا سێ ئه‌ندامی هێزه‌كانی حكومه‌ت گیانیان له ده‌ستداوه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو به چه‌كی ره‌شاش هێرشیان كردۆته سه‌ر دوو خاڵی سه‌ربازی فیرقه‌ی 17 سه‌ر به هێزه‌كانی حكومه‌ت له ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌ی سبێخات له گونده‌واری رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور.
سه‌رچاوه‌كه به نۆرس پرێسی راگه‌یاند، هێرشه‌كه بۆته هۆی كوژرانی دوو ئه‌ندامی هێزه‌كانی حكومه‌ت و برینداربوونی دووانی دیكه.
ئه‌م هێرشه هاوكات بوو له گه‌ڵ هێرشێكی دیكه‌دا كه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو به چه‌كی ئۆتۆماتیكی ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازییان كرده ئامانج له هه‌مان شارۆچكه‌و، بووه هۆی كوژرانی ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی حكومه‌ت.
له دوای هێرشه‌كان، سوپای سوریا هێزێكی زۆری هێنایه ناوچه‌كه‌و خاڵی پشكنینی له ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌كه جێگیركرد به مه‌به‌ستی راوه‌دوونانی هێرشبه‌ران، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كامیان ده‌ستگیر بكات یان لایه‌نی هێرشبه‌ر ئاشكرا بكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، دوێنی سێشه‌ممه، ئه‌فسه‌رێك به پله‌ی مولازیمی یه‌ك له سوپای سوریا له هێرشێكی چه‌كداریدا له سوخنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی حیمس گیانی له ده‌ستدا.