نوێنەری چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان: هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتەیە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتەیە و نەهامەتیی سورییەکان زیاتر دەکات، بۆیە داوا لە ئەنقەرە دەکەن دەستبەجێ هێرشەکانی بوەستێنێت.

کنگ شوانگ، نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە دوێنێ شەو بەڕێوەچو و تایبەت بو بە دۆخی سوریا، وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، “دەبێت ئێمە پشتیوانی لە سەروەری سوریا و یەکێتی خاکی ئەو وڵاتە بکەین، بەتایبەت کە تائێستاش دۆخی ئەمنی سوریا ئاڵۆزە و تورکیاش لەم کاتەدا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە”.

ئەوەشی خستەڕو، “ئەنقەرە دەیەوێت هێرشی زەمینیش بکاتەسەر ناوچەکانی سوریا، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر سوریا بەردەوامی هەیە، کە هەردوکیان سەروەری خاکی سوریا پێشێل دەکەن، هەروەها هێرشەکان بونەتەهۆی زیاتربونی نەهامەتییەکانی گەلانی سوریا”.

جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان وتیشی، چین نیگەرانە لە دۆخی سوریا، داواش لە تورکیا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆسەر سوریا رابگرن، هەروەها هەمو هەنگاوێکیش بوەستێنین کە دەبێتەهۆی زیادکردنی گرژییەکان و پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکان بکەن لەرێگەی گفتوگۆوە.