پێکدادانی هەسەدە و قاچاخچییەکانی سووتەمەنی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور

دێرەزوور- نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ کۆمەڵێک قاچاخچی سووتەمەنی لەسەر رووباری فورات تووشی پێکدادان هاتن و توانیان دەست بەسەر بڕێکی زۆر سووتەمەنیدا بگرن لە شارۆچکەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە شارۆچکەی ئەلشوحێل کە 40 کم لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆرەوە دوورە، رڕایگەیاند، کاروانێکی هێزەکانی هەسەدە هەڵیانکوتایە سەر دەروازەکانی قاچاخچێتی نەوت دوای ئەوەی زانیاریان لەبارەی بوونی قاچاخچییەکان لە کەناری رووبارەکە پێگەشتووە.

سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، کاروانەکە توانیویەتی دەست بەسەر بڕێکی زۆر سووتەمەنیدا بگرێت کە مەبەست لێی گواستنەوەی قاچاخ بووە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی حکومەت لە رۆژئاوای فورات.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوبەناو هەڵدەکوتنە سەر دەروازەکانی قاچاخچێتی نەوت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی قاچاخچێتی، کەئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری ناوچەکە هەیە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی : ئەحمەد عوسمان