سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پێشوازی لە وەزیری بەرگری هۆڵەندا کرد
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کایسا ئۆلۆنگریەن وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند کە وەزیری بەرگری هۆڵەندا، ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لەنێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامبوونی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.

هەر بە گوێڕەی راگەێنراوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی شانشینی هۆڵەندای کردووە، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێزانینی بۆ هۆڵەندا هەبوو کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمە، لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی رێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەکان کردەوە.
بە گوێرەی راگەێنراوەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بووە.