بۆردوومانێکی تورکیا بنکەیەکی تەندروستی لە گوندەواری کۆبانی دەکاتەئامانج
کۆبانی – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی تورکیا بنکەیەکی تەندروستییان لە گوندێکی پڕ لەدانیشتووانی گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان، بۆردومان کرد.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “نەخۆشخانەی گوندی قەرەموغ بە دوو تۆپ بۆردومان کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکان تەنها لە ماددیدا سنوردار بووە، بەو پێیەی بۆردومانەکە زیانی بە بەشێک لە بیناکە گەیاندووە.
گوندی قەرەموغ کە بنکەی سەربازی سوپای سوریای تێدایە، نزیکەی 22 کم لە رۆژهەڵاتی کۆبانیوە دوورە.
ئەو تۆپبارانە هاوکات بووە لەگەڵ کەوتنی گولەتۆپێک لە چواردەووری گردی مشتەنوور لە باشووری کۆبانی، بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانی گیانی هەبێت، بەپێی هەمان سەرچاوە.
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئێوارەدا، هێزەکانی تورکیا گردەکانی گوندی زورمەغار و گوندی جێشان و ئەو دوو گوندەی کە ئەندامانی سوپای سوریای تێدا جێگیرن، بۆردومان کرد.
لە بیستی ئەم مانگەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئاسمانی و زەمینیەکانی بەدرێژایی سنوورەکان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان پەرەپێداوە، لە بیست و چواری هەمان مانگدا بۆردوومانەکان کەمیان کرد، دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان سەرنجیان خستەسەر ژێرخانی ئابووری، دیارترینیان پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەیەکی غاز بوون.
تا ئەمڕۆش بەهۆی بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی تورکیاوە 52 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 14یان هاوڵاتی سڤیل بوون، جگە لە برینداربوونی 44 کەسی تر کە زۆربەیان هاوڵاتیانی سڤیلن.