کریملین: پەیوەندییەکانی رووسیا و تورکیا رێگەخۆشکەرن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە سوریا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا ڕێگەخۆشکەرن کە ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر سوریا لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن.

گوتەبێژی کرێملین “بوونی ناکۆکی لەگەڵ تورکیای دەربارەی سوریا” رەت نەکردەوە، بەڵام ئاماژەی بە ئەزموونەکانی پێشوو کرد کە تیایدا لایەنەکان توانیان لە دانوستانەکانی سوچیدا ئەو جۆرە ناکۆکییانە تێپەڕێنن، لەگەڵ واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکی پەیوەندیدار لەو کاتەدا.

لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی رووسیا، پێسکۆڤ ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا کرد سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە مۆسکۆ ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە وتی: لێدوانی نوێنەرانی ئێمەش هەبوو کە دەیانگوت ئێمەش لە شێوازی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تورکیا رازی نین .”

پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا رێگەخۆشکەرن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان “نەک لە رێگەی رووبەڕووبوونەوە، بەڵکو لە رێگەی دانوستانێکی چڕەوە، ئەگەرچی درێژخایەنیش بێت.”

پێنجشەممەی رابردوو، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا لە سوریا رەنگە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا زیاد بکات و ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکیی “تیرۆریستی”.

تورکیا لەم دواییانەدا بە چڕی هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر باکووری سوریا دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هێرشە ئاسمانییەکانی و جەنگیەکان و درۆن بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان، ژێرخانی ئەو وڵاتیان کردە ئامانج و خەڵکی سڤیلیان شەهیدکرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبێر