دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارێكی له‌به‌رژوه‌ندی خانه‌نشینانی هەرێمی کوردستان ده‌ركرد

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارێكی له‌به‌رژوه‌ندی خانه‌نشینانی هەرێمی کوردستان ده‌ركردو  حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق پابەند دەکات.

رۆژی چوار شه‌ممه‌، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق.

هەرێمی کوردستان کار بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 دەکات، لە کاتێکدا عێراق ئەو یاسای هەموارکردووەتەوە و کار بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 دەکات.

 ئه‌م بڕیاره‌ی داداگای فیدراڵی له‌ به‌رژوه‌ندی خانه‌نشیینانی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ لە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ى ساڵى 2006 کە لە هەرێم کارى پێدەکرێت، کەمترین مووچەى خانەنشینى نابێت لە 220 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام بەگوێرەى یاساى هەموارکراوى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 500 هەزار دینار کەمتر نییە.