تورکیا ناتوانێت هیچ کردەوەیەکی سەربازی بە بێ رەزامەندی ئەمریکا و روسیا ئەنجام بدات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات رۆژی سێشەممە رایگەیاند “تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان لانیکەم، بەبێ رەزامەندی لایەنەکان بۆ هێزە چالاکەکانی سوریا، دەستپێبکات”.
موسلیم لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشە بەرفراوانەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا “دووفاقییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا داوای وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن، هەندێکی دیکەش باس لە کاریگەرییەکانیان دەکەن لەسەر هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش.
موسلیم رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی چالاک لە سوریا گرت و وتی: پێمان وایە سازش لەسەر ئەم پرسە هەیە.
ناوبراو پێی وابوو هیچ کام لەو هێزانە پشتیوانی کوردیان نەکردووە و دەشڵێت “کوشتنیان بەم شێوەیە کێشە بۆ ئەو وڵاتانە دروست ناکات، ئەمە لە رێگەی هێرشەکانی ئەم دواییەوە زۆر روونە”.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە رایگەیاند ئەوان ئاگاداری ئەو موزایەدە نین کە روودەدەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هەموو ئەمانە لە کاتی کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا روودەدەن و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان هەموو شتێک روون دەبێتەوە.
لە شەوی شەممەی رابردووەوە تورکیا هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر دەیان شوێنی سەر سنوور لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامن، ئەمە جگە لە بۆردومانە زەمینیە بەردەوامەکان کە بوونەتە هۆی زیانی گیانی لە دەیان هاوڵاتی سڤیل و سەربازی.