هەسەدە ئەنجامی سێ رۆژی ئۆپراسیۆنی بۆردومانەکانی تورکیای ئاشکرا کرد
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی بۆردومانی تورکیای ئاشکرا کرد لە سێیەم رۆژی دەستپێکردنی بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی بەرفراوانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا.
“هەسەدە” رایگەیاندووە کە بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی تورکیا دامەزراوە گرنگەکان و نەخۆشخانەکان و بیرە نەوتییەکان و ماڵ و موڵکی مەدەنی کردۆتە ئامانج.
تورکیا 6 هێرشی بە فڕۆکەی جەنگی ئەنجام داوە، هەروەها بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش هەمان هەڵمەتی ئەنجامداوە و بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە 82 ئۆپەراسیۆنی بۆردومانی بە چەکی قورس ئەنجامداوە.
بۆردومانەکان تیشکیان خستۆتە سەر 45 شوێن کە بریتین لە نەخۆشخانە و وێستگەی سووتەمەنی و بیرە نەوتەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا لە بۆردومانی گوندی “تات مراش” لە گوندەواری عەفرین لە باکووری شاری حەڵەب چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.
بۆردومانەکە ناوچەکانی “شێخ عیسا، زیوان، حەربێل، جادەی ئەحراس، سەمۆقە، تەلمەدیق، مێنگ، بەیلونیە، سەد ئەلشەهبا، تل جیجان، تل عەنەب، حەربێل، ئەلوەشیا، کفر نایە، و فڕۆکەخانەی مێنگ”ی کردبووە ئامانج لە گوندەواری باکووری شاری حەڵەب.
لە ئەنجامدا کوژرانی دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەت و برینداربوونی دوو ئەندامی دیکەی لێکەوتەوە.
لە کۆبانی هێزەکانی تورکیا بۆردومانی ناوەندی شار و گوندەکانی “سەلم، کۆلتەپە، سێفتەک، قەرمۆگ، کلینیکی قەرموغ، زور مەغار، زیارە، جەرقالی، قوتابخانەی گۆران”یان کردووە.
لە گوندەواری عەفرین، بۆردومانەکە ئەم گوندانەی گرتەوە “بینە/ ئەبیان، مەیاسە، ناوچەی نێوان گوندەکانی بورج ئەلقاس و مەیاسە، زیارە، دەوروبەری بنکەی ئێران لە بن، ئیرشادییە، ئەلقامیە، ئەل- مالیکیە، شاوەرغە، مەراعناز، و بەنزینخانەی ئەلقامیە” و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی حکومەتی سوریا کوژرا.
لە کاتێکدا گوندەکانی “محسینلی و ئەلهەوسەریە” لە گوندەواری مونبیج بۆردومان کران.
لە حەسەکە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوبەشی هێزەکانی “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ئەندامی یەکەکانی دژە تیرۆر گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
گوندەکانی گوندەواری شارۆچکەکانی تل تەمر و زەرکان بە بەردەوامی بۆردومان کران.
لە قامیشلۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کێڵگە نەوتییەکانی ئاودە و گوندی لەیلان لە باشووری رۆژئاوای تربەسپی لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ، کرانە ئامانج و گوندەکانی “تل زێوان، کار دەهۆڵ، تۆکی، تەل کەیف، دۆدان، عەلی فارۆ، دیکری، ڕۆتان، گیرکە شامۆ” بەر بۆردومانی زەمینی کەوتن.
هەروەها ئەندامێکی هێزەکانی حکوومەتیش لە دەروازەی نوسەیبین لە شاری قامیشلۆ بە گولەی قەناس بەدەستەکان بریندار بوو.
لە هێرشەکەی تورکیادا بۆ سەر گوندەواری دێرەزوور، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پێنج هێرشیان دەستپێکرد و گوندی مەکمانیان کردە ئامانج.