بەغدا..کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تایبەت بە سنوورەکان
هەولێر – نۆرس پرێس
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە روپەڕی تایبەتی خۆی راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا باس لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکات لە بەغدا، کە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیە عێراقییەکاندا، بە مەبەستی “باشتر کردنی دۆخی ئەمنی عێراق بە گشتی و دۆخی سنورەکان بەتایبەتی” ئەنجام دراوە.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “لە درێژەی ئەو دیدار و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە هاوبەشانەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق بەڕێوەدەچن، سەبارەت بە باشتر کردنی دۆخی ئەمنی عێراق بە گشتی و دۆخی سنورەکان بەتایبەتی، ئەمڕۆ 22ی تشرینی دووەمی 2022، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی بەغدای کرد و لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەشداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراقی کرد.”
هەروەک رایانگەیاندووە، “لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە عبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ و فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەریق روکن قەیس محەداوی جێگری فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی پاسەوانی سنور بەشدارییان تێدا کرد، باسیان لە دوایین پێشهات و روداوەکانی ناوچە سنورییەکان بەگشی و بەتایبەتیش ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران کرد.”
راگەێنراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆبوونەوەکەدا بریاری پێویستی دراوە بۆ باشترکردنی سنورەکان و لەماوەی داهاتوودا رێو شوێنەکان پراکتیزە دەکرێن.
جگە لەوەش سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی کردوەتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، سورن لەسەر ئەوەی کە بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدەن ئاسایش و ئارامی سنورەکانی هیچ وڵاتێک لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بکەوێتە بەر مەترسیەوە، وتیشیان هەرێمی کوردستان بەردەوام داکۆکی کردووە لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی سنورەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە دۆزینەوەی ئالیەتی گونجاو بۆ گەیاندنی هێزەکانی پاسەوانی سنور و هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ هەموو ئەو ناوچە سنورییانەی کە پێویستن، گفتوگۆ کراوە.