دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە ، رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە گوتارێکیدا لە پەرلەمان گوتی: “لە وەڵامی سەپاندنی سزای قبووڵنەکراوی ئێران بەسەر ئەندامانی ئەم پەرلەمانەدا، دەمەوێت رایبگەیێنم کە تاوەکو کاتێکی نادیار، نابێت هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان شاند و لیژنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و هاوتا فەرمییە ئێرانییەکانیان هەبێت.”
ئەوەش لەدوای ئەوە دێت کە 26ـی تشرینی یەکەمی 2022، بە تۆمەتی پاڵپشتیکردن لە “ئاژاوەکان” کە مەبەست لێی خۆپێشاندانەکان بوو، ئێران سزای بەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپادا سەپاند.
رۆبێرتا مێتسۆلا لە تویتێکدا دەڵێت، لە وەڵامی ئەو سزایانەدا، “پەرلەمانی ئەوروپا ئیدی پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا نابەستێت.”
رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگەی تاران رایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی بۆ شەشەم کەس دەرکردووە کە پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکانەوە هەبووە. دادگە گوتی کە کەسەکە بە تۆمەتی “موحاربین” یانیش “جەنگ لەدژی خودا” تۆمەتبارە. پێشتر، سزای لەسێدارەدان بۆ پێنج کەسی دیکە دەرکرابوو کە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا کردبوو.
لەو بارەیەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا گوتی: “ئێمە بینیمان کە لە ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپێشاندەرە دەستگیرکراوەکاندا دەسەپێندرێت. پەرلەمانی ئەوروپا بە تووندی لە دژی سزای لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خۆپێشاندانە رەواکان دەوەستێتەوە.”