تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب دەکاتەوە
گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆزیانەوە، کە گوندەواری باکووری حەڵەب کردە ئامانج، دوو کەس بە پلەی جیاواز بریندار بوون و دەیان سەر ئاژەڵ کوژران.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “هێزەکانی تورکیا بە دەیان گولە، گوندەکانی بینە (ئەبیان)ی سەر بە قەزای شێراوە و سموقیە و دەوروبەری شارۆچکەی تل رەفعەت و حساجک و زیارە و دێرجەمالیان کردە ئامانج”. لە گوندەواری باکووری حەڵەب.
لە بۆردومانەکەی تورکیادا بۆ سەر گوندی بانی، دوو کەس بە پلەی جیاواز برینداربوون.
هەروەها بۆردومانەکە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 35 سەر ئاژەڵ لە هەمان گوند کە خاوەنەکەی خاتوو وەلیدە حەمادی بوو.
لە نیوەی شەوی شەممەی ڕابردووەوە، چەند ناوچەیەک لە گوندەواری باکووری حەڵەب بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی توند بەخۆوە دەبینن، کە تا ئەمڕۆش نزیکەی 20 ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژران و برینداربوون.