بەرامبەر بە هێرشەکانی ئێران حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوا لەو وڵاتە دەکات، “ئەم شاڵاوە لە دژی هەرێمی کوردستان رابگرێت.”

لە راگەیێندراوەکەیدا لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، “بە تووندترین شێوە ھێرشی شەوی رابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین.”

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، “ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا داوا لە ئێران دەکات، “ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە سەقامگیری، ھەرگیز لەڕێگەی تووندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت.”

هاوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە “دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکات، ھەڵوێستێکی روون و راشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت.”